له‌گه‌ره‌کی جووله‌کان له‌خانوویه‌کی ڕه‌هندا نیشته‌جێ بووین، کرێچیمان هه‌بوو ئه‌ویش دواتر له‌گه‌نجێتیمدا زانیم خوله‌خاکی (یادی به‌خێر، گۆری پڕ نوور بێت)کتێبفرۆش بوو. پشتمان باخ و باخات بوو، به‌رده‌رگامان ئه‌و شیوه درێژه بوو، که هه‌موو پیسایی شار به‌وێدا به‌ره‌و خوار تێده‌په‌ری.
له‌وێ نازانم به‌هه‌ر هۆیه‌ک بوو، هه‌ڵکه‌نراین، چووینه گه‌ره‌کی شیوی قازی، سه‌یره له‌شیوێکه‌وه بۆ ئه‌وی تر! بووین به‌کریچی له‌حه‌وشه گه‌وره‌که‌ی ڕه‌ئووفی حاجی فه‌ره‌جدا. ئه‌و پیاوێکی ته‌نگه قه‌وی بوو، حه‌وشه‌که‌ی له‌ناوه‌ڕاستدا کردبوو به‌دوو به‌ش، دوو ده‌سته خانوو بوون.
به‌ری سه‌ره‌وه دوو نهۆمی بوو به‌رێکی خۆی تیا بوو، به‌ره‌ی تر به‌سه‌رخان و ژێرخانه‌وه درابوو به‌کرێ. ئێمه له‌ژێرخانه‌که‌دا بووین. به‌ری خواره‌وه باش بیرم نییه چه‌ند ژووری بوون، ئه‌وه‌نده ده‌زانم چه‌ند خێزانێکی تێدا بوون، یه‌کێکیان ئه‌حمه‌دی قه‌ساب بوو، ئه‌وی تریان پیاوێکی عه‌لاف بوو، ژنه‌که‌ی له‌به‌رگدروویدا ده‌ستڕه‌نگین بوو. چه‌ند کچیان هه‌بوو، یه‌کێکیان ناسکی ناو بوو، له‌گه‌ڵ یاسینی برا گه‌وره‌مدا حه‌زیان له‌یه‌کتر کردبوو. زۆریش پێکه‌وه بوون، هه‌رچه‌نده چوونه داواشی، نازانم به‌چ بیانوویه‌ک نه‌یاندا، دواتر بوو به‌مامۆستای سه‌ره‌تایی و دایان به‌شوو، به‌که‌سیکی تر!
ڕه‌ئوفی حاجی فه‌ره‌ج، چه‌ند کچی هه‌بوو گه‌ر به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم ناویان سروه و نه‌سرین بوو، یه‌کدوو کوڕیشی هه‌بوو، یه‌کێکیان هاوڕێم بوو، به شاسوار بانگ ده‌کرا، سه‌ری برینی لێهاتبوو، بۆیه به‌پاشگری که‌چه‌ڵ له‌نێو هاوڕێیانیدا بانگ ده‌کرا! گه‌ر به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم کوڕه‌که‌ی تری ناوی سالار بوو، له‌باڵابه‌رزیدا به‌ر باوکیان که‌وتبوون. ئه‌و زۆر ئێواران ده‌یخوارده‌وه.
ئه‌و ماڵه ئه‌و گواستنه‌وه‌یه بۆ ئێمه شووم بوو، له‌گواستنه‌وه و شت بارکردندا، گوایه باوکم شتی قورسی هه‌ڵگرتووه، ده‌ستبه‌جێ نه‌خۆش ده‌که‌وێت، ده‌برێت بۆ خه‌سته‌خانه. له‌وێ به‌مردوویی هێنرایه ده‌ره‌وه و به‌ره‌و گۆرستانی سه‌یوان برا و جارێکی تر نه‌مان بینیه‌وه. ئه‌و زیاد له‌مناڵه‌کانی تر منی خۆشده‌ویست، به‌ده‌لیلی ئه‌وه‌ی بۆ هه‌رکوێیه‌ک بچووایه له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یبردم.
ماوه‌ی ته‌عزێکه، من و گوڵاڵه‌ی خوشکه بچووکم، براین بۆ ماڵی عه‌لی وریای شاعیر. که ئامۆزای باوکم بوو. له‌سڕی ئه‌وه تێنه‌گه‌یشتووم بۆ بردینیان بۆ ئه‌وێ؟ هێنده هه‌یه ئه‌و ژن و پیاوه منداڵیان نه‌ده‌بوو. کاری ئوتووچێتی ده‌کرد. دوکانه‌که‌ی له‌ژێر ئوتێل شیریندا بوو. دواتر چه‌ند هاوین، بوومه شاگر له‌لای....ماویه‌تی 2008.3.1