1986.01.22
ئه‌م ده‌فته‌ره له‌گه‌ڵ یه‌کدوو گۆڤاری مناڵان و ڕۆژنامه‌یه‌ک له‌لای مه‌کته‌به‌یه‌کی ناسیاو هێنام، پاره‌که‌یم نه‌داوه، چوونکه ته‌نها یه‌ک دینارم پێ بوو، ده‌بوایه هه‌ندێ شتی پێویستم بکڕیایه. داوای پاره‌م لهوهستاکهم کرد، پێی نه‌بوو، ته‌نها ئه‌و دیناره‌ی دامێ. ئه‌وه بۆ ماوه‌ی 13 ڕۆژ ده‌بێ له‌گه‌ڵیدا کار ده‌که‌م، ئیشه‌که‌مان گه‌چکارییه. ئه‌م وه‌ستایه و خهلفهکهشی هاوڕێی مناڵیمن و کوڕی گه‌ره‌کن، هێشتا ژنی نه‌هێناوه، کوڕێکی ڕێک‌و پێک و قۆزه. له‌باری سیاسییه‌وه که ئایا له چ به‌ره‌یه‌کدایه، نیشانه‌ی پرسیاری له‌سه‌ره، به‌ڵام له‌وه ده‌چێت زیانی بۆ خه‌ڵک نه‌بێت، زۆر ئیشکه‌ره، گه‌ر بۆی بکرێت ڕۆژانی هه‌ینیش ڕاناوه‌ستێ، ئه‌م ماوه‌یه ئیشم له‌گه‌لیدا کردووه، ڕاستی ئه‌و قسه‌یه‌م بۆ سه‌لماوه. به‌فر باریوه په‌کی ئیشمان نه‌خستووه. ئه‌مڕۆس له‌داوی نیوه‌ڕۆوه ده‌ستی به‌به‌فر بارین کرد، هه‌تا ئه‌و کاته‌ی هاتینه‌وه خۆشی نه‌کرده‌وه.
ئێستا دنیا باش سپی بووه به‌س نابارێ، له‌وه‌ده‌چێ زۆر نه‌بێ وه‌ستابێ، به‌ڵام هه‌وره‌که هه‌ر سپییه، دیاره هێشتا هه‌ر به‌ده‌مییه‌وه ماوه. گرنگ نییه وه‌ک بڕیارمان داوه، گه‌ر مه‌ترێکیش ببارێ په‌کی ئیشی خۆمان نه‌خه‌ین، چوونکه سبه‌ینێ له‌وانه‌یه نه‌گاته نیوه‌ڕۆ لێبینه‌وه. به‌س ناخۆشییه‌که‌ی له‌وه‌دایه زووربه‌ی پاره‌که‌یم خواردووه. ئه‌وه‌یشم باس نه‌کردووه که ڕۆژانه‌که‌م چه‌نده؟ شه‌شه یان شه‌ش و نیوه یان حه‌وته؟ به‌هۆی پیسی ئیش و سه‌رماوسۆڵه‌ی زستان نیازم وایه داوای شه‌ش و نیو یان حه‌وتی لێ بکه‌م. ئیتر نازانم ده‌ڵێ چی؟وام داناوه تێک بچین. به‌مه‌ش ئیشه‌کانی داهاتووم له‌کیس ده‌چێت و له‌گه‌ڵ خۆیدا نامبات.
ئێستا که‌سم لا نییه، منداڵه‌کان له‌گه‌ڵ دایکیان له‌ماڵی خه‌سووم ماونه‌ته‌وه ، به‌خاتری ئه‌وه‌ی سبه‌ینێ ئیش ده‌که‌م. گه‌ر وامان لێنه‌کردایه سبه‌ینێ زوو دووباره مناڵه‌کانی ببردایه‌ته‌وه، سهرماکهشی له‌ڕاده‌به‌ده‌ره بۆ نوخشه ناخۆشه. بۆ هه‌ڵسانی به‌یانی بهدراوسێکهی ده‌سته چه‌پم ڕاگه‌یاندووه هه‌ڵم سێنێ نه‌ک خه‌به‌رم نه‌بێته‌وه.
1986.02.05
ده‌بوایه شه‌شی مانگ بنووسم، چوونکهو ئێستا دوانزه و نیوه، که‌واته نیو سه‌عاته پێمان ناوه‌ته ڕۆژێکی نوێوه، به‌ڵآم وه‌ک عاده‌ته هه‌تا دنیا ڕووناک ده‌بێته‌وه هه‌ر له‌سه‌ر ڕۆژی ڕابردوو داده‌نرێت. له‌ده‌ره‌وه بارانه، بارانه بهڕهشهباوه، له‌گه‌ڵ خوڕه‌ی ئاوی گوێسهوانهکهدا، هاژه هاژی باکه خۆی داوه به‌سه‌ر کپ و بێده‌نگی ژووره‌که، تا ڕاده‌یه‌ک ژووره‌که سارده و هه‌وای درزی په‌نجه‌ره‌که په‌رده‌که شه‌پۆل پێده‌دا، ئه‌وه‌ش کاتێ ده‌بێ، که باکه به‌تاو هێرش ده‌هێنێ، ماوه ماوه‌ش ته‌قه‌ی که‌وتنه‌خواره‌وه‌ی ته‌نێ دهیسترێ، جار هه‌یه دوور، جار هه‌یه نزیک..
مانه‌وه‌م تا ئه‌م دره‌نگ وه‌خته، سه‌یرکردنی ته‌له‌فیزیۆنه، فلیمێکی ئه‌مه‌ریکی بوو، به‌داخه‌وه کۆتاییه‌که‌یم نه‌دی، ئامێره‌که ڕاوه‌ستا و که‌وته خشه‌خش، له‌وه جهچوو لهمحهتهوه بێت. فتلیمهکه خراپ نه‌بوو، پاڵه‌وانه‌که‌ی کچێکی ناسک و نازدار بوو، بێجگه له‌وه‌ی هه‌میشه له‌فلیمی بیانی بێتاقه‌ت نابم، به‌ڵام داخم ناچێ له‌ئاخر و ئۆخرهکهیدا گه‌یشتبووه شوێنه خۆش و سهرنجڕاکێشهکی له‌پڕ پچرا و هه‌ر چاوه‌ڕوانم کرد نه‌هاته‌وه.
به‌رده‌وام بوونم له‌دانیشتن و خه‌ونه هاتنم زیاتر بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که ئێواره ده‌وروبه‌ری سه‌عاتێ خه‌وتم. نیازم وایه درێژه به‌دانیشتنه‌که بده‌م، هه‌ر خۆمم، ئێواره بۆ چه‌ند کاری تایبه‌ت نوخشه و مناڵه‌کان بۆ ماڵی خه‌سووم چوون، بڕیاره به‌یانی زوو بێنه‌وه. پێنج شه‌ممه‌یه و حه‌مام داده‌خه‌ین و خۆمان پاکده‌که‌ینه‌وه. که ڕۆیشت زۆر پڕ بووم لێی، پڕبوونهکهش له‌وه‌وه بوو؛ ئاره‌زووی ماچ و موچ و بابه‌ته‌کانی بووم، به‌هۆی ئه‌وه‌ی دوو خووشک و برایه‌کی لێره بوون، خۆشی که‌مێک گیر بوو، ڕێنه‌که‌وت. دوێنێ شه‌ویش به‌هۆی قه‌ڵه‌باڵغییه‌وه شوێنه‌که‌مان سه‌غڵه‌ت بوو، مایه پووچ بووم، بڵێم چی چارم ناچاره بۆ سبه‌ینێ خۆ هه‌ڵده‌گرم.
نوخشه زۆر لاواز بووه، له‌ڕوویدا جوان ده‌رده‌که‌وێ. که ئێواره له‌خه‌و هه‌ڵسام نیازم وابوو، سه‌رێک له‌دراوسێی ده‌سته چه‌پ بده‌م، مناڵێکیان نه‌خۆشه و کوره‌که‌یان له‌سه‌ربازی هاتۆته‌وه. زۆر دانه‌نیشم و بیمه‌وه بخوێنمه‌وه. به‌پێچه‌وانه‌وه که‌وته‌وه، دانیشتنه‌که خۆش بوو، پێڕ گه‌رم بوو یه‌کدوو دراوسێ دیش هاتبوون، دره‌نگانێک یهکدوویهکی دی خۆیان کرد به‌ژووردا. خه‌ڵکی گه‌ره‌ک کردبوویان به‌عاده‌ت هه‌ر شه‌وه له‌ماڵێ پڕ گه‌رم ده‌که‌ن.
ئیتر له‌وێدا هه‌موو شت باس ده‌کرێ، به‌زۆری سیاسه‌ت. قسه‌وباسه‌کان له‌بازنه‌ی هه‌ریه‌که داکۆکی لهلایهنیک ده‌کات ده‌خولێته‌وه. ئه‌میان خواخوایه‌تی کونێ له‌ودا بدۆزێته‌وه تا لێی بکات به‌هه‌ڵا، ئه‌وی تریشیان به‌هه‌مان شێوه، زۆر جار مه‌سه‌له‌کان تێکه‌ڵی مه‌سائیلی شه‌خسی ده‌بێت. له‌سه‌ر باسێکی دیاریکراو ناوه‌ستن. جاری واش ده‌بێته گه‌ڕه‌لاوژێ ژن به‌جیا و پیاو به‌جیا، جوار قۆڵی و دوو دوو ده‌که‌ونه مشت‌ومڕ. له‌بازنه‌یه‌کی بۆشدا ده‌سوڕێنه‌وه، نه‌ئه‌میان ده‌توانێ ئه‌ولا ئیقناع بکات، نه‌ئه‌ویان، وای لێدێ ده‌گه‌نه ئه‌نجامی بێزارکه‌ر، باده‌ده‌نه‌وه سه‌ر بابه‌ته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، یاری کردن بهوهرهقه و دۆمینه. یان ئه‌وه‌تا به‌یه‌کتر ڕاده‌بوێرن، هه‌ریه‌که‌ش داکۆکی له‌ناوچه و دێ و خزموکهسوکاری خۆیان ده‌که‌ن.
ئه‌وه‌ی زیاتر قسه‌ی له‌سه‌ر کرا، په‌یوه‌ندی نێوان ده‌وڵه‌ته گه‌وره‌کان و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر وڵات. گه‌شه و پێشکه‌وتنی زانیاری و په‌یوه‌ندی به‌مرۆڤه‌وه بوو. پیاوێکی به‌ته‌مه‌ن هه‌واڵێکی پرسی، ئیتر به‌فرسه‌تم زانی ئه‌و شته باشانه‌ی ده‌یزانم بده‌م به‌گوێیاندا، بۆ ماوه‌یه‌ک سه‌رنجیانم به‌لای خۆدا ڕاکێشا، له‌م جۆره فرسهتانهدا هه‌وڵ ئه‌ده‌م وه‌ڵامی چه‌ند تێڕوانینی هه‌ڵه بده‌مه‌وه، زۆر جار ئه‌وه‌ی ئه‌وان ته‌رحی ده‌که‌ن، به‌شێوه‌یه‌کی تر له‌به‌رژه‌وه‌ندی چینهکهم دایده‌ڕێژمه‌وه. دره‌نگێ هه‌ڵساین.
ئێورهکهی وه‌ک ئێستا قه‌ڵه‌مم گرت به‌ده‌سته‌وه بابه‌تێ ده‌رباره‌ی وه‌رگرتنی ده‌رمان و نه‌دانی به‌بی ڕه‌چه‌ته لهئازادخاانهکان بنووسم، هه‌ڵم گرت شه‌و دره‌نگ پیایدا ده‌چمه‌وه و جوانتری ده‌که‌م و دوایش پیشانی براده‌رێکی ده‌ده‌م تێبینی له‌سه‌ر بدات، کهگهڵااڵه بوو به‌ناوی که‌سێکی تره‌وه بۆ ڕۆژنامه‌ی هاوکاری ده‌نێرم. له‌و بڕوایه‌وه پێویست ده‌کات له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌کی ئاو به‌ده‌نگ بیین. جا نازانم لهداهتوودا چاره‌نووسی چی ده‌بێت؟ زۆر شت هه‌یه لهنیتاقی ئه‌م بواره ناهه‌مواره‌دا پێویسته بووترێ و فه‌رز بکرێ. به‌پێی توانا هه‌وڵ ئه‌ده‌م ئه‌و شتانه بنووسم، گه‌ر خۆشم بۆم نه‌کرا، ئه‌وا کهساانی تری لێدهوروژێنم یان به‌هاوکاری که‌سانی تر. سه‌عات یه‌ک و سیوپێنج ده‌قه‌یه، وابزانم له‌وه‌زیاترم جارێ پێ نییه.
1986.03.12
دوێنێ به‌ده‌ستی ئه‌نقه‌ست دره‌نگ چوومه سه‌ر ئیش، که گه‌یشتم ئه‌وان خۆیان گۆڕی بوو، ئاماده‌ی کارکردن بوون. منیش به‌خاوی خۆم گۆڕی. وه‌ستاکه له‌جیاتی سڵاو یه‌کدوو قسه‌ی کرد، بۆنی پێناخۆشبوونی دواکه‌وتنه‌که‌ی لێده‌هات. ده‌بوایه گڵگهچمان بکردایه، به‌ڵام بیریان گۆڕی بوو، له‌و گه‌راجه‌ی دوێنێ گڵگهجمان کرد بوو، ده‌ستکرا بهسپیکاری، تا ڕاده‌یه‌ک سپیکاری خۆشه، وه‌کو گڵگهچ مرۆ ماندوو ناکات.
زۆر تێنه‌په‌ڕی کابرای خاوه‌ن ئیش به‌بیجامه‌وه ده‌رکه‌وت، ئه‌م خانووه دووه‌م خانوویهتی به‌ڕیزی یه‌که‌وه، دوو قاته. به‌پێی ئه‌وه‌ی دوو خانوو له‌گه‌ڵ دوکانێکی فرۆشتنی بزمار و چه‌کوش و ده‌رنه‌فیز و بابه‌ته‌کانی، هه‌یه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مامۆستای سه‌ره‌تاییه، ده‌وڵه‌مه‌نده و وه‌زعی باشه، ده‌موچاوی پولێک ناهێنێ، له‌مه‌کته‌ب کۆن پێیان ده‌ووت کونجه یان عه‌وێز یان عه‌زه کونجه، لهعهقلیشدا تا ڕاده‌یه‌ک باش نییه، به‌ڵآم خۆی چه‌ند ڕێویلهیه، ژنه‌که‌ی هێنده خرپن و جوانکهلهیه. وه‌ختی خۆی ماڵیان له‌گه‌ره‌کی ئێمه بوو. زووربه‌ی پیاوان و کوڕوکاڵی ئه‌و گه‌ره‌که و گه‌ره‌که‌کانی ئه‌ولای ئێمه‌شه‌وه، که ده‌چوون بۆ بازاڕ، له‌به‌ر چاوپێکه‌وتنیکی ئه‌و ژنه به‌وێدا ده‌ڕۆیشتن. ئێستا لهگهرهکیکی ترن، له‌زۆر باره‌وه له‌گه‌ره‌کی ئیمه چاکتره، بیرم نییه که‌ی ماڵیان گواستۆته‌وه.
وه‌ستاکه وتی لێره بووینه‌وه بۆ ماڵی مامۆستا ده‌چین، نه‌مده‌زانی مه‌به‌ستی کۆنه دراوسێکه‌مانه.
مامۆستا زۆری په‌له‌یه، حه‌ز ده‌کات لهشهوڕۆژێکدا ته‌واو ببێ. بۆیه له‌لایه‌که‌وه گه‌چکاری له‌لایه‌کی تر خشتی له‌ماع له‌لایه‌کی تر له‌بغ، به‌و بێ شه‌و و ڕۆژ نه‌وه‌ستین.
پێنج شه‌ممه بهدهوروخولی وه‌ستا ده‌هات تا ڕازی بکات هه‌ینی ئیش بکه‌ین، ئینجا ئه‌و داوایه‌ش به‌ره‌وڕووی ئیمه ده‌کاته‌وه، واش پێویست ده‌کات ئیسراحه‌ت بکه‌ین، بۆیه مایه پووچ ده‌رده‌چێ، ئێمه‌ی پێ ڕازی ناکرێت. سه‌یره یه‌که‌وڕاست ده‌یخه‌ینه ده‌ستییه‌وه، بۆ ئیشی خۆی چۆنه! به‌لایه‌وه گرنگ نییه ماندوو بین یان نا! ئێشه‌که‌ی بڕوات. هه‌رچه‌ند زیاتر ئیش بکرێ و کونیکی پیدهگیرێ و کار ده‌چێته پێش. به‌ڵام ئیسراحه‌تیش له‌ناو ماڵ و مناڵ خۆشتره، وزه هێنهوهبهره.
کابرای وه‌ستا شله و خۆی پێناگیرێ، که‌ره‌تی وا هه‌یه، درۆی بۆ هه‌ڵده‌به‌ستێ، که‌ره‌تی واش هه‌یه مل ده‌دا، به‌تاقی ته‌نها دێته سه‌رکار! ئه‌م په‌له‌په‌له‌ی له‌چییه، پێشنیاری ئه‌وه‌ی ده‌کرد له‌جیاتی خۆی وه‌ستایه‌کی تر په‌یدا بکات. وه‌ستا وه‌عدی ده‌دا به‌ڵآم درۆ بوون، ته‌نها بۆ خه‌ڵاتاندن بوو، هیچی تر.
کابرای خاوه‌ن ئیش بۆی ده‌رکه‌وتبوو که درۆی له‌گه‌ڵدا ده‌کات و فروفێڵاوییه. که‌سێکی دی ورده ئیشی بۆ ده‌کات وه‌ستامان ده‌ناسێت، پێده‌چێت ئه‌و فێڵه‌کانی وهستامانی که‌شف کردبێت.
پیشه‌وه‌ران درۆزن و ده‌ست بڕن و خه‌ڵک خهڵهتینن، ته‌نانه‌ت ئه‌مه چۆته نێو لاپه‌ره‌کانی حیکایه‌ته فۆلکلۆرییه‌کانه‌وه، چه‌ند که‌س ده‌چنه لای پینه‌چییه‌ک بۆ دروستکردنی که‌وش، فریویان ده‌دات یه‌ک تاک پێڵاو پیشانی هه‌موو ده‌دات پێیان ده‌ڵێ ئه‌مه هی تۆیه فڵان ڕۆژ وه‌ره‌وه. ئه‌وه خه‌یاته‌کان هه‌ر مه‌پرسه چه‌ند فڕوفێڵاوین!
هێنده په‌له‌یه‌تی هێشتا گه‌لێ ئیشی ماوه که‌چی له‌حه‌وشه‌که‌دا دارودره‌ختی ڕوواندووه. بهبرادهرهکهم وت؛ هێنده په‌له‌یه‌تی، ئه‌ترسم تیایدا نهترێ، پێش ته‌واوبوون بمرێ. مامۆستا له‌وه‌ی پرسی که دوێنێ تا نیوه‌ڕۆ ئیشمان کردووه و ڕۆیشتوینهتهوه، بۆ وه‌ڵام ڕووبه‌ڕووی وه‌ستام کرده‌وه. ئیتر له‌وه‌وه ده‌رگای قسه کرایه‌وه هه‌ریه‌که به‌رگری له‌خۆی ده‌کرد. دوێنێ که چووین بۆ نانخواردن ئه‌و به‌بیانوی گهچنهمانهوه بۆ لای مامۆستا چوو تا گهچمان فریا بخات. تا ئه‌ویش ده‌هاته‌وه ئێمه کاری خۆمان ده‌کرد، پێش ده‌رچوونی ئه‌و بۆ نانخواردن چووین، ئه‌ویش زۆری پێچوو. هاتینه‌وه گه‌ڕاین بۆ ماڵه سینییه‌که‌ی که تایبه‌ته بهگڵگهچ نه‌ماندۆزییه‌وه، یه‌کسه‌ر شاردنهوهم به‌خه‌یاڵدا هات، بۆ ماڵه‌ی سپیکارییهکه دیاره؟ بڕیارماندا بیدۆزینه‌وه، سه‌رئه‌نجام لهژووریکی که‌میک تاریک‌دا له‌ژێر دوو ته‌ڵاشه به‌رددا شاردبوویه‌وه. ئیتر دوای چه‌ند قسه بۆ تۆڵه‌کردنه‌وه بڕیارماندا بڕۆینه‌وه، زۆر جار قسه‌م ده‌کرد بۆی به‌وه‌ی وه‌ستا نرخی کرێکاری لا نییه، خۆ ده‌دزێته‌وه و ساخته‌چییه، شایه‌نی هیچ جۆره سۆز و لایه‌نگری لیکردن نییه. په‌له‌پیتکه‌ت لێبدامایه ده‌ته‌قیم، هه‌تا ئێواره ئه‌و کرده‌وه حیزانهیهم له‌دڵ ده‌رنه‌چوو. لێی پر بووم به‌ئاشکرا پێی بووتینایه،زۆر خۆش ده‌بوو. ئه‌وه جارێکی تر ئێمه‌ی نارد بۆ هێنانی شتی خانوو، که‌چی هه‌تا هاتینه‌وه، پێی پێوه‌نابوو، تا ماوه‌یه‌ک چاوه‌ڕوانمان هه‌ر نه‌هاته‌وه، ڕۆیشتینه‌وه ڕۆژێ ئیشی له‌کیس داین.
ئه‌وه‌مان پێووت که ماڵه‌که دیار نه‌بووه، بۆیه ئیشه‌که‌مان به‌جێهێشتووه، ئه‌و وه‌ڵامی دایه‌وه که ماڵه‌که له‌ناو به‌رمیله ئاوه‌که‌دا بووه، توومه‌س دره‌نگێ هاتۆته‌وه له‌ژێر تهڵاشهبهردهکاندا دهریهینوه و خستویه‌ته ناو به‌رمیله ئاوه‌که‌وه. رهدمان دایه‌وه وا نییه، شوێن نه‌ما چه‌ند جار نه‌گه‌ڕێن، دوان درۆ ده‌کات تۆ ڕاست ده‌که‌ی؟ وتی؛ به‌ڵێ راست ده‌که‌م. وتم: درۆ ده‌که‌ی و ناماقوڵیشت کرد، ساخته‌چی.
که‌وام وت وه‌ستا زۆری پێ‌ناخۆش بوو، خاون ئیشیش زه‌رده‌خه‌نه گرتی، یه‌کدوو که‌ره‌ت وشه‌ی ساخته‌چی و ئهولاتریشیتم دووباره کرده‌وه. ئیتر له‌وه گه‌یشت له‌کوێوه قسه ده‌کرێ، دوایی بهناڕهزایهتییهوه وتی: نه‌ده‌بوایه له‌به‌رده‌می کابرایه‌کی بێقیمه‌تی وادا بێم بڵێی ساخته‌چی. موجادهلهکه گه‌یشته ده‌رکردن، تۆ ئه‌مڕۆ ئیش بکه و سبه‌ینێ مه‌یه‌ره‌وه. وتم: زۆر مه‌منوون نه‌بی نایه‌م، له‌من باشتر په‌یدا بکه، وا ده‌زانی خێرمان پێده‌که‌یت.
وتی: په‌کم ناکه‌وێ، بۆ وا ده‌زانی کریکار نییه. هۆی توورهییهکهم بۆ چێشتهه‌نگاو ده‌گه‌ڕێته‌وه، برسیم بوو چووم وه‌ک عاده‌تی لهنانهواخانهکه نانێکم کڕی، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو پیکه‌وه بیخۆین ماعیدهمان ؟عه‌زێتمان نه‌دات. پێی ناخۆش بوو وتی: ئه‌مه ئیش نییه تۆ ده‌یکه‌یت؟ کرێکاری که‌ی وا ده‌بێت؟ چوومه‌وه به‌گژیا، خۆ دنای کاول نابێت پاروویه‌ک نان بخۆم. ئه‌و دێڕه چه‌ند جار داویه‌تی به‌گوێمدا! ئه‌م تێکهه‌ڵچوونه وه‌ک رهدێک بوو هاوکات منهتبارکردنی بوو، بۆ ئه‌و قسه ناخۆشانه: ئه‌مه که‌ی ئیشه تۆ ده‌یکه‌ی؟
2ی ئایاری 1986
ئێواره‌ی ڕۆژی 30 مانگ وامبهباشزانی سروودی ئه‌نته‌رناسیۆناڵ 5 تا 6 جار بنووسمه‌وه، بیده‌م به‌وانه‌ی دیانناسم و جێی بڕوان. ئێواره‌که‌ی براده‌رێکی وه‌ستام پیی وتم؛ به‌یانی ئیش هه‌یه، خۆش و ناخۆش و دوو ڵ بووم، به‌یانی تا نه‌هات به‌شوێنما نه‌چووم، هه‌رچه‌ند پاره‌شم پینهبوو بۆ فلسێ ده‌چووم به‌ئاسماندا. گونجاو نییه لهڕۆژیکی وادا ئیش بکه‌م.
به‌ڵام چی بکه‌م، هه‌فته‌که ڕۆیشت و بڕایه‌وه بێکار بووم، هه‌فته‌ی پێشوو تریش یه‌ک ڕۆژی کارم ده‌ست که‌وت. ئیش کزه له‌وه‌تی به‌هار ده‌ستی پێکردووه ، وابزانم یه‌ک مانگی کارام هه‌بووه، به‌پێچه‌وانه‌وه له‌زستاندا لایه‌نی که‌م گه‌ر بهفروبارانیش بو بێت 14 تا 15 ڕۆژ کارم هه‌بووه. ئه‌و گهچکارییهی ئێستا هه‌یه به‌ڵام شووێنه‌که‌ی بۆم باش نییه و ناوێرم.
ئیشه‌که‌ی دوێنێ، کۆنکریت کردن بوو، له‌ماڵێکی گه‌ره‌کی خۆمان بوو. ده‌مبینی تاکتاک و جووت جووت قوتابی به‌ره‌و قوتابخانه ده‌چوون، چه‌ند پاسێکی پڕ له‌ئافره‌ت به‌ره‌و ناوشار ملیان نابوو به‌یه‌که‌وه، وه‌کو ئه‌و سه‌یارانه‌ی دوای مه‌یت ده‌که‌ون، هیچ گیانیکیان تیان نه‌بوو، له‌وه‌ده‌چوو کریکارانی کارگه‌ی چنینی بێت. دره‌نگ دادێت ئه‌هلی دائیره و قوتابی به‌ره‌و ماڵ ده‌کشانه‌وه، هێشتا زوو بوو له‌وه ده‌چوو خۆیان دزیبێته‌وه. ئه‌مڕۆ کریکاریکی ژنم بینی، وتی: چووینه‌وه، کۆبوونه‌وه‌که ساردوسڕ بوو، که‌س ورته‌ی له‌ده‌م نه‌ده‌هاته‌ده‌ر، هه‌رچه‌نده پیاوانی حکومه‌ت ویستویانه جۆشیان بده‌ن، بێ سوود بووه. وتوویانه؛ ڕۆژ ڕۆژی خۆتانه ده قسه‌یه‌ک بکه‌ن. هه‌ر ئه‌مڕۆ براده‌رێ وتی: چه‌ند دروشمی کریکارانه وتراوه‌ته‌وه، به‌ڵآم ئه‌و دروشمانه له‌لایه‌ن کێوه وتراوه و ڕێکخراوه؟ بێگومان دروشما حکومییه‌کانه.
هیچ ساتێک ناهێڵن کریکاران به‌ئیسراحه‌ت بکه‌ن، ئه‌گه‌ر ئیش نه‌که‌ن ئه‌وا ده‌برێن بۆ مه‌سیره. ئه‌مساڵ وه‌کو بیستوومه؛ وه‌ره‌قه‌یان هێناوه ئیمزایان به‌کریکاران کردووه که له‌م ڕۆژه‌دا بێنه‌وه.
دوێنێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماندووبووم نه‌متوانی ئه‌م چه‌ند دێڕه بنووسم، هه‌رچی ئازای گیانم هه‌بوو ده‌یه‌شا.
یه‌کێکێک له‌گه‌ڵماندا ئیشی ده‌کرد، ماوه‌ی 13 تا 14 ساڵ ئه‌ندامی لیژنه مه‌رکه‌زی حیزبی شیوعی بووه، ماوه‌یه‌که وازی هێناوه، چووه بۆ سه‌ربازی، له‌گه‌ڵ گه‌رمبوونی هێرشدا ڕایکردووه، نه‌چۆته‌وه. له‌کاتی نانخواردندا باسی ناهه‌مواری باری خه‌ڵکی کرا، ئه‌و شووکرانهبژێر بوو، ئه‌وه‌ی ده‌ربڕی هه‌روا بمێنێته‌وه باشه ، وه‌ک موسوڵمانان ده‌یووت خوا خراپتر نه‌دا! بهناڕهزایهتییهوه و له‌وه‌ڵامیدا وتم: خه‌ڵکی وا یه‌سقانی توایه‌وه، ئه‌مه هێشتا خراپ نییه؟!
له‌کاتێکی دی‌دا ئه‌وه‌م دا به‌گوێی وه‌ستایه‌کی ناسیاوی هه‌ردوولاماندا، جۆره ساویلکه‌ییه‌کی ئه‌وم ده‌رخست، ئه‌و به‌رگری لێکرد، وتی ئه‌وه بۆ فشقیات ده‌یڵێ ئه‌گینا وا نییه. لهڕهدییدا وتم: ئه‌و خۆی به‌کۆمۆنیست ده‌زانێ، که‌چی له‌ناو جاشاندا جاشه و له‌ناو موسوڵماناندا موسوڵامنه له‌لای مارکسی مارکسییه ئه‌وه ئیتیهازی و دووڕوون.
لهمانڤێستدا وا هاتووه: کۆمۆنیسته‌کان ئه‌و که‌سانه‌ن له‌هه‌موو کۆڕ و کۆمه‌ڵێکدا سه‌روبنی زمانیان و کرده‌وه‌یان یه‌ک شته هیچ له‌خه‌ڵکی ناشارنه‌وه.
هه‌ر ئه‌و ڕۆژه بۆ لای وه‌ستایه‌کی ناسیاو که‌ماوه‌ی 3 مانگه له‌شه‌ر نه‌هاتۆته‌وه خاوه‌ن خێزانێکی زۆر هه‌ژارن چووین. خراپ باسی شه‌ڕه‌که‌ی ده‌کرد، له‌وه ناچێت بچێته‌وه، وه‌کو باسی ده‌کرد؛ هه‌رچی کورده بهئیجازه هاتبێته‌وه نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه، به‌ده‌گمه‌ن تییایاندا هه‌یه بڕواته‌وه.
هه‌ر که سه‌ره ئیجازه‌یان دێت لێپرسراوه عه‌ره‌به‌کان به‌ته‌علیقه‌وه ده‌ڵین: باچر تتهسهرهح، ئه‌مه له‌وه‌وه هاتووه ده‌زانن که ڕۆیشتن نایه‌نه‌وه، ئه‌وه‌یش ده‌رده‌بڕن ئه‌وه ئێمه خوا گرتوونی، کونێ نییه خۆمانی تیا بشارینه‌وه و په‌نای بۆ به‌رین، ئه‌ی ئێوه بۆ ده‌یکه‌ن؟ شووێنی باشتان هه‌یه، ته‌نانه‌ت ده‌شتان پارێزن.
یه‌کی ئایاری 1985 لهدهفتهرێکی بچووکدا هه‌ندێ شتم نووسیوه.
13ی ئه‌یلولی 1986
ئه‌وه‌ی ده‌ستی پێدامه قه‌ڵه‌م ڕووداوێکه، شایه‌نی ئه‌وه‌یه چه‌ند دێڕی بۆ بنووسرێ. ئه‌بێ له‌م باره ناخۆشه‌دا تروسکه‌ی هیوا و ئاوات لهلێڵیدایه، چی بێت؟ ئه‌و ڕووداوه ڕهشبیینیکاڵ ده‌کاته‌وه هیواکان ده‌مه‌زرد ده‌بێته‌وه، جارێکی تر ڕه‌ونه‌ق په‌یدا ده‌که‌نه‌وه.
له‌و ڕۆژانه‌ی کۆمۆنه‌ی پاریس له‌خوێندا غه‌رق کرا، یه‌عنی له‌ئاخروئۆخری مانگی ئایار، وابزانم 26ی 5 بوو که ئه‌و ڕووداوه گۆمه‌که‌ی شله‌قاند، لهناحییهکی دووره ده‌ست، که داموده‌زگای حیزبی به‌عس کۆنترۆڵیان زیاتره، خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕین و هاتنه سه‌رجاده. ناحییه‌ی بنگرد، له‌و ڕۆژه‌دا به‌ژن و پیاو و مانڵ و پیر و گه‌نجه‌وه هاتنه سه‌رجاده، ئیسپاتی بوونی خۆیان کرد.
ئه‌م ڕاپه‌ڕینه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که ماوه‌یه‌کی زۆر ده‌بێ پێ میم ته‌نکی ئاوی ئه‌و ناحیه‌یه‌ی ته‌قاندۆته‌وه، بۆت هۆی ئاوبڕان، هه‌ر چاوه‌ڕوانیان کردووه چاکی بکه‌نه‌وه، چاکنهکرادنهوهی درێژه‌ی کێشاوه، ناچار خۆیان پاره‌یان کۆکردۆته‌وه، به‌ڵام بۆ ئه‌و کاره‌یش گیروگرف خراوه‌ته به‌رده‌م ئه‌و کاره، وا بڵاوه مدیر ناحییه پاره‌که‌ی خواردبێت. له‌ولاشه‌وه کاربه‌ده‌ستانی حکومه‌ت ده‌گیان مه‌زبووته و به‌ته‌نکه‌ر ئاو یان بۆ دابین ده‌کرێت.
خه‌ڵکی له‌ڕۆژی دیاریکراودا ده‌چن بۆ لای مدیر، هه‌رچی هه‌یه ده‌یڵێن، کابراش له‌جیاتی به‌ده‌نگه‌وه‌هاتن، دڵێ: خۆمان ئاومان هه‌یه، ئێوه هه‌تانه نیتانه که‌یفی خۆتانه... ئیتر قسه‌یه‌ک له‌م و قسه‌یه‌ک له‌وان، ده‌قلیشێته‌وه. سه‌ره‌تا سه‌یاره ڕهخشهکهی مدیر ده‌سووتێنن، هه‌رچی ته‌نکه‌ر و سه‌یاره‌ی حکومی بێجگه دائیره‌ی ناحییه، نفووس و مه‌کته‌ب و ته‌نانه‌ت ئاڵای عێراقیش ده‌سووتێنن. نازانرێت مزاههرهچییهکان چه‌ندیان برینداره؟ کچێک به‌ده‌ستی ئه‌منه‌کان کوژراوه، ناشزانرێت حکومه‌ت چه‌ند کوژراو و برینداری هه‌یه؟ پێده‌چێت سێ جاش دوانیان ده‌مانچه و ئه‌وی تریان کلاشینکۆفیان پێبووه به‌شداریان کردبێت. مدیر ناحیه لهئاودهستخانهدا خۆی شاردۆته‌وه، دواتر په‌نای بۆ کوێخا سمایلی ته‌لان بردووه. ئه‌و رۆژه حکومه‌ت نه‌یتوانیوه بۆ ناو ناحییه‌که بچن، ترسی پێ میم دابه‌زینیان هه‌یبووه. جاشه‌کان هاوکاریان کردووه، ژماره‌یه‌کی زۆر جاشه‌کان به‌خاووخێزانه‌وه داویانه‌ته شاخ.
31ی 5 هێزێکی زۆری حکومی په‌لاماری ناحیه‌که ده‌ده‌ن، ته‌ختی ده‌که‌ن، ماڵه‌کانی ده‌ربه‌ده‌ری دێهاته‌کانی تاسلوجه ده‌بن.
حکومه‌ت ئه‌و ڕووداوه وه‌ک کێشه‌ی ئاو لیکناداتهوه و گوایه له‌ژێره‌وه ده‌ستیک هه‌بووه، ئه‌گه‌ر نه‌بووه بۆ ئاڵای عێراقیان سووتاندووه؟ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته لێپرسراوی منه‌زه‌مه‌ی شیمال محه‌مه‌د حه‌مزه، سه‌ردانی دوکان ده‌کات.
ڕادیۆی حسک، گوێم لێ‌بوو باسی ته‌خت کردنه‌که‌ی کرد، ڕادیۆکانی تر له‌به‌ر ته‌شویش گوێم لێنه‌بوو له‌هه‌قی ئه‌و ڕووداوه چیان وتووه و چۆنیان باس کردووه؟
11ی1ی1987
سێ ڕۆژه به‌گه‌رمی له‌ده‌وروبه‌ری شاری به‌سره جه‌نگه، دووه‌م هێرشی ئێرانه له‌ماوه‌ی 15 رۆژدا، به‌ر لهکرسمس له‌هامان شوێنه‌وه هێرشێکی تر کرا، تێکشکان، به‌ڵام له‌مه‌یاندا عێراق هاشوهوشی نییه، هاتوونه‌ته پێش. دوێنێ بۆ ته‌عزییه‌ی براده‌رێکم (عهوبدووههاب سابیر) چووم. له‌جه‌ژنی گقرباندا گیرا، 5 تا 6 مانگ ده‌بێ مه‌یته‌که‌ی بهئیعدامکراوی هاته‌وه! بۆ وا به‌زوویی؟
ده‌رچووی کولێژی سیاسه‌ت له‌دانیشگای به‌غدا بوو. ماوه‌یه‌ک له‌ژوورێکدا پێکه‌وه بووین، دوای چنه‌د ساڵ بۆم ده‌رکه‌وت تێکه‌ڵ به‌سیاسه‌ت بووه. ئه‌و کاته‌ی پێکه‌وه بووین ده‌می له‌سیاسه‌ت ده‌کوتا، کتێبی ده‌خوێنده‌وه، حه‌زیشی به‌ئه‌ده‌ب هه‌بوو، نووسینی بۆ ڕۆژنامه و گۆڤاره کوردییه‌کان ده‌نارد، بڵاو نه‌ده‌کرایه‌وه یه‌کدوو جار ناویم له‌نامه‌ی خوینهراندا بینی. ئه‌و کات که‌مێک دووره‌په‌رێز بوو، ته‌بیعه‌تی کشمیشی بوو، هه‌وڵم زۆر له‌گه‌ڵدا ده‌دا که مرۆڤێکی سروشتی بێت، خۆ خۆسم هێنده ته‌واو نه‌بووم به‌ڵام له‌و کراوه‌تر بووم. وه‌زعی له‌گه‌ڵ ماڵهوهشیاندا به‌تایبه‌تی باوکی باش نه‌بوو. وای پێ‌باش بوو، له‌کاتی مۆڵه‌تدا که سه‌ردانی ماڵیان ده‌که‌م خۆ بکه‌م به‌قوتابی زانکۆ، له‌وه ده‌ترسا بزانن هاوڕێی خه‌ڵکی خراپ ده‌کات. دوای ساڵ و عهیامیکی زۆر ڕاستی مه‌سه‌له‌که‌م به‌ماڵه‌وه‌یان وت که ئه‌و کاته سه‌رباز بووم، نه‌ک قوتابی زانکۆ.
سه‌رمان له‌یه‌کتر ده‌دا، لهمناقهشهکردندا هه‌ستم به‌بیری ناته‌واوی ده‌کرد، له‌م ئاخر و ئۆخریهدا هه‌ستی ڕووخانیکم ده‌کرد له‌بیروباوه‌ڕیدا، موتهزهبزیب بوو، هه‌رجاره‌ی له‌لای براده‌ران شتیکی ده‌ووت؛ له‌به‌غدام له‌هه‌ولێرم لهموسڵم، گوایه بۆ کار له‌و شوینانهیه!
نه‌مزانی بوو گیراوه، که هه‌واڵی ئیعدامکردنیان پیووتم، بڕاوام نه‌کرد، دوای دوو ڕۆژ ڕاستیم بۆ ده‌رکه‌وت. لهتهعزێکهیدا زانیم پێش ده‌ستگیرکردنی له‌نێو بازاڕ ئه‌من چوونه‌ته ماڵیان بۆ ته‌فتیش، گوێی نه‌داوه‌تێ و داویه‌تییه به‌ری. لهگرتنهکهیهوه بێسه‌روشوین بووه تا هاتنه‌وه‌ی مه‌یته‌که‌ی. براده‌رێک وتی: گوایه له‌لای یه‌کێ له‌هه‌ولێر خه‌فیفه بووه، تهفتیشهکه ئیخباری بووه، براده‌ری خۆی بووه، له‌یه‌که‌م ته‌فتیشدا هیجیان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه، له‌دووه‌م ته‌فتیش و دوای گرتنه‌که‌ی پێده‌چێت شتی گرنگیان ده‌ستکه‌وتبێت. وه‌هاب، ماوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ براده‌رێک هه‌ڵده‌سا و داده‌نیشت مهشبوه بوو! له‌وه ئاگادارم کرده‌وه، گوێی پێنه‌دام! هه‌واڵی گرتنی لای ژماره‌یه‌ک له‌براده‌ران نیشانه نه‌مانی بووه. گرنگ ئه‌وه‌یه به‌پیاوانه خۆی دانا، له‌که‌دار نه‌بوو. هه‌واڵی مه‌رگی به‌ڕاست زۆر غه‌مباری کردم.
هاوکات له‌گه‌ڵ هاتنه‌وه‌ی مه‌یتی وه‌هابدا، زۆربه‌ی گه‌ره‌که‌کانی شار شین و واوه‌یلایانه و شار ڕه‌شپۆشه، پێش ساڵ و نیوێک هه‌ڵمه‌تیکی ڕه‌شبگیر بۆ ژماره‌یه‌کی زۆر لهمێردمناڵانی گه‌ره‌که‌کانی شار کرا، زۆریان بێ سه‌روشوێنن، ئه‌وه‌ی حوکم درا، درا، ماوه‌یه‌که به‌لێشاو مه‌یتیان دێته‌وه. ئه‌م ڕه‌شه‌کوژییه به‌ته‌نها کوردی نه‌گرتۆته‌وه، به‌ڵکوو عه‌ره‌بیشی تێدایه، نابێت ته‌عزێیان بۆ دابنرێت! به‌ڵام هه‌ر دانراوه، ئه‌ما به‌دزییه‌وه له‌مزگه‌وته‌کاندا نا! له‌سه‌رچنار و لای گه‌ره‌کی دارولموعهلیماتهوه یه‌کدوو ماڵ موزاههرهیان کردووه، جنێویان داوه. هاوکات گرتن و ڕاوه‌دوونان به‌رده‌وامه؛ گروپی لهدارولموعهلمی گیراوه، له‌کاتی نماشی شانۆگه‌ریدا ژماره‌یه‌ک ته‌له‌به‌ی پهنمانگای هونهرهجوانهکانیان گرتووه. حکومه‌ت به‌له‌سه بوو به‌م ده‌ست و به‌و ده‌ست دادهپلۆسی. حکومه‌ت مساوه‌مه نازانێ، هه‌ر مساوهمهکردنیک ڕسوایی له‌دوایه، دوای ئه‌وه بیکه‌ین و نه‌یکه‌ین هه‌ر دهتپلیشێنێتهوه، نه‌کردنی سه‌ربه‌رزییه.
12ی 1ی 1987
حکومه‌ت به‌ره‌و گه‌ره‌کی هڵوبه ده‌که‌ونه ڕێ، به‌نیاز ڕووخاندنی خانووه زیاده‌ڕۆییانه‌ی له‌وێ به ناقانوونی!دروستکراوه، بیڕوخێنن. پێده‌چێت کاربه‌ده‌ستانی گه‌وره‌شیان له‌گه‌ڵدا بوو بێت. ئه‌و گهرهکهه زووربه‌ی دانیشتوانه‌که‌ی جاشن، هه‌ر ده‌بینن و تێده‌گه‌ن مه‌سه‌له چییه؟ ناڕه‌زایه‌تی به‌رپا ده‌بێت، ناهێڵن کاره‌که ئه‌نجام بدرێت به‌بیانووی ئه‌وه‌ی ئه‌و چه‌کانه‌یان بۆ هه‌ڵگرتووه؟! هێشتا دێن خانووه‌کانمان ده‌ڕووخێنن! قسه‌یه‌ک له‌م لا و قسه‌یه‌ک له‌ولا سه‌رئه‌نجام ناچار ده‌کرێن واز لهڕوخاندن بێنن.
هاوکات داوای قوه ته‌واری ده‌کرێت، به‌گه‌یشتنی هێزه‌که جاشه‌کان قهلفری لێده‌که‌ن. ده‌پرسن کێ ناهێڵێ و دهستدههێنێته ڕێگاتان؟ سه‌ره‌ک جاش بانگ ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ی پێده‌ڵێن بۆ جاشهکانت وا ده‌که‌ن، پێده‌چێت لایه‌نگری له‌جاشه‌کانی کردبێت، بۆیه پێیان وتووه: تۆ لهسالهی خهیان زیاتر نییه، جارێکی تر وا بکه‌ن، له‌به‌غدا توند ده‌کرێت. دوای ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه سه‌ره‌ک جاش زمانی پارانه‌وه‌ی درێژ ده‌کات، ده‌ست ده‌کات به‌ماست ساردکردنه‌وه!
له‌م ڕووداوه و سه‌ده‌ها ڕووداوی تر به‌چ سه‌رئه‌نجامێک ده‌گه‌ین؟
ناچاری وا له‌که‌سێک ده‌کات ببێت بهخهفیفه، ئه‌و که‌سه هه‌ر پیشه‌یه‌کی هه‌بێت، وا ده‌زانێت ئیتر ته‌واو ڕزگاری ده‌بێت! به‌وه‌ش ڕسوایی به‌نسیب ده‌بێت! هه‌ر ئه‌وه لهڕهبیعهدا واجب ده‌گرێ، هه‌ر ئه‌وه له‌ژێر مه‌ترسی که‌وتنه ده‌ستی پێ میم دایه؟ هه‌موو سات و کات ژیانی له‌مه‌ترسیدایه، هه‌موو ئه‌و قبووڵ کردنانه له‌به‌ر خاتری ئه‌وه‌ی مناڵه‌کانی بێ نان و ئاو نه‌بن! هاوکات گه‌ر بهسووسه له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه شتێکی لێده‌ربکه‌وێت ملی هه‌ڵده‌کێشرێت! کێ له‌م ڕه‌وشه براوه‌یه؟ دیاره به‌پله‌ی یه‌که‌م حکومه‌ت و سه‌ره‌ک جاشه‌کان! که‌واته مل نه‌درێت باشتر، گرفته‌که قووڵتر ده‌بێته‌وه. چاره کردنی گرانتر ده‌بێت.
14ی 1ی 1987
ئه‌وه‌ی هه‌یه به‌خێرایی ده‌خوێنرێته‌وه، ده‌ڕوات، له‌مه‌وه بۆ ئه‌و وه‌ک بکه‌ویته بن ده‌ریا ون ده‌بێ. له‌وانه‌شه ده‌مه‌ته‌قێی له‌سه‌ر بکرێ.. سانسۆر بهمیکرۆسکۆب ده‌گه‌ڕێ، خه‌ڵکیش تامه‌زرۆن، وێڵن به‌دوایدا، ئه‌م باره گه‌لێ تێبی دانسقه‌ش ده‌گرێته‌وه، به‌تایبه‌تی ئه‌وانی مارکس و ئنگلز و لینین، چه‌نده‌ها که‌سمان بینی له‌سه‌ر ئه‌و جۆره شتانه، تووشی گرتن و تێهه‌ڵدان و حئعدامکردن بوون!
ئه‌وه‌ی لێره بێ حه‌وت په‌راسووی لهئۆمهتی محه‌مه‌د! ده‌بێت زیاد بێ، ئه‌گینا به‌رگه‌ی ئه‌و وه‌زعه ناگرێ! هه‌مو کاتێک دڵت له‌خۆ ته‌ئمین نییه، ئیتر تێیدا بێ یان تێیدا نه‌بی! ئه‌وانه‌ی قاچاغن بێگومان مل له‌چه‌قۆ ده‌سوون.
زووربه‌ی شوێنه گشتییه‌کان بهچهتهوڵ ده‌گیرێ، هه‌وڵیش ده‌درێ له‌شوێنی چه‌په‌ک و سوچه‌کان ڕاوه‌ستن، بۆ ئه‌وه‌ی پێنه‌زانی تا ده‌که‌ویته ناویانه‌وه! له‌گه‌لێ کۆڵان و گه‌ره‌ک جاش باره‌گا کراونه‌ته‌وه، بۆ نموونه سه‌رو گه‌ره‌کی قهرهجاوه لای گرده‌که‌وه، سلێمانی تازه، هڵوبه،... پروپاگه‌نده‌ی ژه‌هراوی جێی گه‌لێ ستی جارانی گرتۆته‌وه له‌باره‌ی هێزی پێسمه‌رگه‌ی کوردستان ده‌وترا و ده‌کرا.
گه‌ره‌ک نه‌ماوه چه‌ند که‌سێکی خه‌فیفه‌ی تیا نه‌بێ! به‌ڵآم ئه‌وانه زووربه‌یان ناچارکراون، ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌که‌ن ناتوانن بژین و له‌برسا ده‌مرن! نه‌بوونی ئیش و ده‌وری خراپی ئۆپۆزسیۆن له‌ده‌ره‌وه ده‌وری هه‌یه له‌ته‌شه‌نه کردنی بهخهفیفه بوون! ئه‌وانه‌ی ئه‌و ڕێگایه‌یان هه‌ڵبژاردووه خه‌ڵکانی تا ڕاده‌یه‌ک دواکه‌وتوون، هوشیاری سیایان نزمه، به‌پێچه‌وانه‌وه که‌سانی تر ده‌بینرێت گه‌ر له‌برسا بمرن نابنه ئه‌و شته پیسه.
دیاریده‌ی شاز سه‌ری هه‌ڵداوه، تاکتاک گه‌نجان ده‌بین بهقهمسهڵهی په‌ڵه‌په‌ڵه‌ی سه‌ربازی مغاویرییهوه، خۆیانی پێوه باده‌ده‌ن، له‌وانه‌یه گه‌نج هه‌بێت جاش نه‌بێت ، به‌ڵآم چوونکه ئه‌و به‌رگه ده‌پۆشێ، هه‌ر له‌خۆته‌وه ڕقت لێی ده‌بێته‌وه، و لێی ده‌ترسێی! دیارده‌ی وه‌ستانی سه‌یاره‌ی جاش له‌کۆڵانه ته‌سک و تروسکهکان زۆر بووه، یان تاکتاک چه‌کداری ته‌نها لهکۆڵاناندا ده‌بینرێ، بیئه‌وه‌ی بسڵهمنهوه، و بترسن!
حکومه‌ت به‌و سیاسه‌ته بردوویه‌تییه‌وه خه‌فیفه‌کان 15 ڕۆژ له‌ژێر باری چه‌کدان باقییه‌که‌ی به‌ره‌ڵان. لهواجبیشدا هه‌ر که‌سه له‌شاری خۆیدایه، وه‌ک ده‌ڵێن دایبه‌ستوون. هه‌شیانه ته‌نها وه‌ره‌قه‌ی له‌گیرفاندایه، بێ واجبه، له‌سه‌ری مانگدا موسته‌شاره‌که موچه‌که‌ی بۆ خۆی گلده‌داته‌وه، که‌ر ده‌یکا و گا ده‌یخوا، وا بێت زه‌ره‌ریانه، ئه‌و موسته‌شارانه‌ی به‌په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێررێن پیی ههڵدهگڕێن، ده‌ڵێن تیایاندایه به 6 مانگ گرانترین سه‌یاره‌ی کریوه! حکومه‌ت بۆ قازانج ئه‌وانه‌ی گرتۆته خۆ، ئه‌گه‌ر له 2 هه‌زار که‌س 50 یان ببێ به‌سه‌گی دڕ، باشه، به‌و شێوه‌یه خه‌ڵکی ورده‌ورده خراپ ده‌کات، به‌زیانی ئۆپۆزسیۆن ده‌که‌وێته‌وه. دیارده‌ی ڕاکردن له‌سه‌ربازی فره زۆره، حکومه‌ت ئه‌وه باش ده‌زانێ به‌وه‌رگرتنی خه‌فیفه، کردنه‌وه‌یانه به‌سه‌رباز به‌شێوه‌یه‌کی تر، هاوکات گه‌ر سه‌رباز زۆر له‌به‌رچاوی خه‌ڵکی کارێکی ڕسوایی نه‌بێت، ئه‌وا بوون بهخهفیفه ڕسواییه‌کی گه‌وره‌یه.
ئه‌م وه‌زعه وای له‌خه‌ڵکی معاریز کردووه، چالاکییان به‌رته‌سک بێته‌وه. ئیهانه‌ت وه‌ک خۆڵ ده‌بارێ، زۆر که‌سی نه‌فس نزم بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌ستیان تێکه‌ڵ کردووه تا خۆیان به‌سه‌ر که‌سانی دی‌دا فه‌رز بکه‌ن یان کاتی بێده‌نگیان بکه‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له‌پر زه‌لامێک یان دوان سرددهکرێتهوه. شه‌وان له‌ده‌وروبه‌ری قه‌راغ شار ده‌بێته تهقوهوڕ. شه‌وانه پیاوانی حکومه‌ت له‌شوێنه ستراتیجییه‌کان که‌مین داده‌نێنن. گرده‌کانی ده‌وروبه‌ری شار یه‌کپارچه کراون بهڕهبیعه، عه‌سکه‌ر و چه‌کداری ههمهجۆر هێنده زۆرن هه‌ر مه‌پرسه! وێرای ئه‌و هه‌موو فه‌رمانگه جاسوسیانه که هه‌ر یه‌که بۆ خۆی حکومه‌تێکه! ده‌گرێ و ده‌کوژێ، کێ هه‌یه بڵێ بۆچ وا ده‌که‌ن؟ ئه‌وانه نیشانه‌ی ڕۆحچوونی حکومه‌ته له‌خه‌ڵکی، وه‌ک ده‌ڵێن له‌سێبه‌ری خۆشی ده‌ترسێ.
ده‌نگۆی سازشکار و ته‌سکبین هه‌یه ده‌ڵێ: خهفیفهبوون و زۆریان توندوتیژی که‌مکردۆته‌وه! خه‌تای حکومه‌ت نییه! به‌پێچه‌وانه‌وه سه‌یاره‌ی قوهخاسه زیادی کردووه نه‌ک که‌م، توندتر بازاڕ و لاکۆڵانهکانیان گرتووه، ئه‌و هێزانه ڕقیان له‌یه‌کتره و چاری یه‌کتریان ناوێ و دانویان له‌گه‌ڵ یه‌کتردا ناگونجێ.
حکومه‌ت، پروپاگه‌نده چه‌کیکی ژه‌هراوییه بۆ ئیرهابی ده‌روونی خه‌ڵکی به‌کاریده‌هێنێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش خه‌ڵک چاونه‌ترسانه به‌بێ گوێدانه ئه‌و هه‌ره‌شانه خه‌ریکی کاری خۆییانه، تا بیت ڕووی دزێوی حکومه‌تیان بۆ ده‌رده‌که‌وێ. تف چییه پێیان نامێنێ، ته‌نانه‌ت گه‌یشتۆته ڕاده‌یه‌ک گه‌ر یه‌کێ له‌سه‌ر مینبه‌ر و مایکرۆفۆنی حکومه‌ت به‌کار بهێنێ، سووک و سهلیمانه و به‌گومانه‌وه سه‌یری ده‌کرێ.<
قابیلی پینه‌و په‌ڕۆ نییه، هه‌ر به‌شدارییه‌ک مانای یارمه‌تی ده‌به‌خشێ، گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته که ده‌ڵێن ماست سپییه، خه‌ڵک ده‌ڵین ڕه‌شه. هاوکات ڕه‌شوڕووته‌که ، بێ‌ئاگان و خۆشباوه‌ڕن له‌به‌رامبه‌ر حکومه‌تی ئێران، گوایه ئه‌و باشتره له‌مه‌ی لای خۆمان! مانای وایه حه‌ز به‌سه‌گ ده‌که‌ن نه‌ک ئه‌م دڕنده‌یه.
به‌هه‌رحاڵ ئه‌و ده‌ربڕینانه جۆرێکه له‌نیشاندانی ناره‌زایه‌تی سه‌ره‌تایی، به‌ڵام که‌سانی هوشیاری چینی کرێکار ئه‌و جۆره قسانه‌یان پی باش نییه و به‌که‌می ده‌زانن خوازیاری شتی لهوهگهورهترن ( ده‌نگی ده‌هۆڵ له‌دوور خۆشه) . نه‌ناسینی حکومه‌تی ئه‌و دیو، چاوپۆشین له‌کرده‌وه دژ مرۆڤانه‌ی که ده‌رهه‌ق به‌خه‌ڵکی ئێرانی ده‌کات و زۆری تر... لینین ده‌ڵێ: حه‌قدی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌سته و چه‌وساوه ڕه‌وایه و له‌شوێنی خۆدایه.
بێزاری و ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵک له‌م ڕۆژانه‌دا به‌هۆی هێنانه‌وه‌ی مه‌یتی ئیعدامکراوان هێنده‌ی که به‌رزبۆته‌وه. ساڵ و نیویک له‌مه‌وبه‌ر ژماره‌یه‌کی زۆری گه‌نج و مێردمناڵیان له‌گه‌ره‌که جیاوازه‌کان به‌هه‌وانته ڕاپێچی زیندان کرد، ئه‌ویش گوایه بۆ بنبڕکردنی ئه‌و هه‌موو کارانه‌ی وه‌ک بۆمب ته‌قاندنه‌وه و ته‌قه‌کردن و به‌یان بڵاوکردنه‌وه و ... له‌دژی حکومه‌ت ده‌کرێ. ماڵ هه‌یه دوو کوڕیان گیراوه، له‌ژێر ته‌عزیبدا ناچار کراون ئیعتاف له‌سه‌ر خۆیان و خه‌ڵکی دی بکه‌ن، به‌هۆی که‌م تهجروبهییانهوه فریویان خواردووه گوایه گه‌ر ئیعتراف بکه‌ن ئازاد ده‌کرێن. هینده ساویلکه بوون ژماره‌یه‌کیان دانی به60 تا 70 چالاکیدا ناوه، هه‌شیانه له‌ژێر ته‌عزیبدا گیانی له‌ده‌ستداوه. هی وایان بووه خۆی کردووه به‌حیزبی ده‌عوه، به‌مه‌رجێ ئه‌و حیزبه له‌نێو کورددا له‌نرخی نه‌بواندایه.
یه‌کێ له‌زیندانییه‌کان وتوویه‌تی، ئه‌وه‌ی ته‌عزیبی ئێره نه‌بینیبێ نازانێ ئه‌وانه چ ئاژه‌ڵێکن. شوێنی زووربه‌ی زیندانییه‌کان لهفهزیلییه و که‌رکووک و به‌غدا بووه. که‌سوکاره‌کانیان وهختێکیان زانیوه بانگ کراون بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی مه‌یته‌کانیان. که‌چوون بۆ مه‌یته‌کان پاره‌شیان لێسه‌ندوون. له‌ژێر چاوهدیریدان تا بزانن پرسه‌یان بۆ داده‌نێن یان نا.
خه‌ڵکی به‌ده‌م تهعزێیانه وه چوون و دانراوه بۆیان. ئه‌م هه‌ڵمه‌تی ئیعدامکردنه بۆ به‌چه‌ترسێن کردنی خه‌ڵکی زیاتر هیچی تر نییه.
لهبێناموسییهکهوه بۆ یه‌کێکی تر، کابرایه‌ک له‌به‌رخاتری چاوی کاڵی حکومه‌ت و بۆ ئه‌وه‌ی حکومه‌ت لیی عاجز نه‌بێت، کوره فیرارهکهی ده‌کوژێت، کهدهدرێ به‌دادگا دیزه‌به‌ده‌رخۆنه‌ی پێده‌که‌ن و ئازادی ده‌که‌ن! تا ئێستا چه‌ند حاڵه‌تی وا ڕوویداوه و له‌که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندنه‌وه ته‌شویق کراوه.
پشتگیری تاوانبار چ مانایه‌کی هه‌یه، ئه‌گه‌ر هاندانی خه‌ڵکی نه‌بێت بۆ توندوتیژی ئه‌بێ ناو بنرێت چی؟ بڵاوکردنه‌وه‌ی بێ سقهیی له‌نێو خه‌ڵکی و خودی خێزاندا. به‌پێی یاسا بیت ئه‌و که‌سه‌ی که تاوانیکی وا ده‌کات گه‌ر نهکوژریتهوه ئه‌وا ده‌بێت 20 ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا بدرێت. که یاسا سه‌روه‌ر نربێت به‌دست هویره به ده‌ست خۆیانه‌وه‌یه چۆنیان بوی وای لێده‌که‌ن. درنده‌یی و دیکتاتۆری له‌م وڵآتانهدا گه‌یشتۆته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی خه‌ڵک خۆزگه بهتهتبیق کردنی یاساوه ده‌خۆن، ئاوات به‌و دیموکراتییه لیبرالییهی وڵاتانی ئه‌ورووپا و ئه‌مریکاوه ده‌خوازن!
دیارده‌ی ڕاوڕووت به‌ڕۆژی نیوه‌ڕۆ و به‌به‌رچاوی خه‌ڵکه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی قسه‌یه‌ک چییه بکرێ! له‌بازاڕه‌کانی سله‌یمانیدا قوه خاسه گه‌ر جگه‌ره‌یان پێنه‌مێنێ داده‌به‌زن و به‌بێ پاره له‌سه‌ر دوکان و ته‌خته‌ی پاکهتفرۆشییهکان هه‌ڵیده‌گرن! که‌باب و چێشتخانه‌کان هه‌روه‌ها. خه‌ڵکی ترسنۆک و خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی گه‌وادیان بۆ ده‌که‌ن، بۆ ده‌م چه‌ورکردن عاره‌ق و شتی تریان بۆ ده‌به‌ن. قاچاخچییه‌کان هه‌رکه‌سێکیان به‌رده‌ست بکه‌وێت، بێجگه لهجهزرهبه گه‌یاندن و تووشی گیران و لێپرسینه‌وه‌ش ده‌بن. ئیستخباراته کورده‌کانیش هه‌مان ڕاوڕووت ده‌که‌ن و ده‌که‌نه سه‌ر خه‌ڵکی بۆ پاره و سه‌رانه، نموونه‌ی وه‌ک گۆڕبه‌گۆڕ ئاسۆی قومری، ئێستا به‌کری فاته و چه‌نده‌های تر
له‌م ماوه‌یه‌دا چه‌ند جاش مناڵێکین گرتبوو دوای ئه‌وه‌ی تێرتێر لهگيلیدا ڕادهبوهێرن دوایش ده‌یکوژن و ده‌یده‌ن بهخهستهخانه! هه‌ر که‌سێ ملنهدا یان جۆره معارهزهیهک پیشان بدات، معهرهزه بۆ ئه‌وه‌ی تۆمه‌تیکی بده‌نه پاڵ ئیت سیاسی یان ده‌مانچه و قومبه‌له‌ی بکه‌ن بهکوڵکهوه بۆ ئه‌وه‌ی ئیعدام بکرێ! چه‌نده‌ها که‌سیان به‌و ده‌رده برد، جه‌لاد مولازم موه حسین چه‌ند که‌سیکی به‌و شێوه‌یه کوش، پاشان قومبه‌له‌ی ده‌خسته پاڵیان گوایه ویستویه‌تی پیایاندا بته‌قێنێته‌وه!
ئه‌وه ده‌لاله‌تی ترس و وه‌حشه‌ت دهگهینهنێ، گومانیانلهههر که‌س لهکۆڵآن و جاده‌کان هه‌بوایه ئاوایان به‌سه‌ر ده‌هێنا. برای براده‌ریکم به‌ناوی حه‌سه‌ن حاجی مه‌حمود کارێزه‌وه له‌نێو جه‌رگه‌ی شار و له‌مه‌ڵکه‌ندی به‌ده‌ستی مولازم موحسن کوژرا به‌مه‌رجێ ئه‌و هه‌رچی سیاسه‌ت هه‌بوو به‌لایه‌وه په‌شم بوو، ته‌نها ڕاوه‌ستا بوو به‌جلی ڕه‌شه‌وه، که‌مێ ڕێشی هه‌بوو!
ئه‌و سه‌گه هه‌وشاره دژی جلی ڕه‌ش و ڕیش هێشتنه‌وه بوو، هه‌ر که‌سێکی به‌و شێوه‌یه بدیایه گه‌ر نهیکوشتایه ئیهانه‌تی ده‌کرد! ئه‌م ئاوه حکومه‌ت ڕشتویه‌تی، ئه‌وانیش به‌هه‌وه‌سی خۆیان له‌و چڵپاوه‌دا مه‌له ده‌که‌ن. هه‌ر نه‌فه‌رێک له‌م قوه خاسانه بۆ ئیجازه ده‌ڕواته‌وه، بهبارخانهیه ده‌ست ودیارییهوه ده‌ڕواته‌وه !ئه‌بێ ئه‌فسه‌ره و شته زله‌کانیان چۆن بڕۆنه‌وه!؟ ئه‌م وه‌زعه دیارده‌ی دی به‌دوای خۆدا هێناوه، بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌که، به‌پێچه‌وانه‌ی جارانه‌وه، هه‌ر مناڵێ ده‌بینی ده‌توانێ به‌ئاسانی چه‌کی ده‌ستبکه‌وێت، دیاریده زۆر بونی جاش و خه‌فیفه وای کردووه، ئه‌م زه‌مینه‌خۆشکردنه بۆته مایه‌ی ڕووداوی کۆمه‌ڵایه‌تی دڵته‌زێنی نێوان کوڕانی و کچانی تازه لاو....
وه‌ک نموونه: کوڕ و کچێک حه‌ز له‌یه‌کتر ده‌که‌ن، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێشتا ته‌مه‌نی یاساییان ته‌وا نه‌کردووه، سه‌ره‌ڕای باره کۆمه‌ڵایه‌تییه دواکه‌وتووه‌که، بۆ یه‌ک نابن. عاده‌ته‌ن کچه‌که ده‌بێته قوربانی و خۆی ده‌سووتێنێ، ده‌شڵێن دایکی سووتاندویه‌تی. کوڕه دڵداره‌که لێهان هار ده‌بێت و هه‌موو ڕۆژێ ده‌چێته سه‌ریان، خێزانی کچه‌که به‌تاوانبار له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات. وای لیدێت ده‌چێت چاڵێک وه‌ک گۆڕ له‌ته‌نیشتی گۆڕی کچه‌که‌وه بۆ خۆی هه‌ڵده‌که‌نێ. ئه‌و هه‌ڵسووکه‌وته نێشانه‌ی ئه‌وه‌یه که چه‌ند سووتاوه بۆی و ده‌یتوانی کچه‌که به‌ختیار بکات. به‌هاندانی خێزانی کچه‌که، برا بچووک ده‌چێته سه‌ر کوڕه‌که و بهردهمانچهی ده‌دات! خۆش به‌ختانه کوڕه‌که نه‌مردووه. ئه‌وه‌ش په‌نگی بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌که و تاوانباری سه‌ره‌کی حکومه‌ته.
له‌م ڕووداوه‌وه، شتێک جێی دڵخۆشی و هیوا بێت ده‌وری ئافره‌ت له‌خه‌باتی سیاسیدایه، له‌هه‌وڵی زیاتر جێدهستکردنهوهی خۆیاندان. هه‌واڵه‌کان ده‌ڵێن له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی له‌سێداره‌دانی لاوه‌کانی سله‌یمانیدا پێنج ئافره‌تیشی تێدایه! له‌نێو خه‌ڵکی ڕهشۆکیدا پرسیاری ئافره‌ت بۆ هه‌یه؟! ئه‌وان هه‌قیان به‌سه‌ر سیاسه‌ته‌وه چییه؟ ناڵێن چاوت لێیه حکومه‌ت چه‌ند دڕنده‌یه لهئافرهتیش ناپرنگێتهوه؟ ئه‌وم بۆچوونه له‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ که ئافره‌ت به‌پله دوو دهژمیررێت، سیاسه‌ت ته‌نها بۆ پیاوان کراوه! زوحیفهن ته‌نها بۆ خزمه‌تکردنی پیاو و دروستکردن و به‌خێوکردنی مناڵ خولقاوه! ئه‌م دیده له‌به‌رژه‌وه‌ندی دوژمن و زاڵماندایه، که‌ی چه‌پڵه به‌ده‌ستێک لێده‌درێت؟ گۆڕانی کۆمه‌ڵ و چینی کریکار له‌ئه‌ستۆی ژن و پیاودایه. چۆن ده‌ڵین هێج بزووتنه‌وه‌یه‌کی شۆڕشگێڕ به‌بێ تیورێکی شۆڕشگێر نابێت، بێگومان هیچ شۆڕشێکیش به‌بێ ژن سه‌رکه‌وتوو نابێت، کورد جوان بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه دیالیکتیانهیه چووه که ده‌ڵێ: پیاو و ژن وه‌ک چه‌م و ئاو وان، ئه‌گه‌ر ژنه‌که چه‌م بێت، پیاوه‌که ئاوه‌که‌یه‌تی و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه هه‌ر ڕاسته. له‌هه‌مو بواره‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ته‌واوکه‌ری یه‌کترن
4ی2ی1987
پێش ده‌ستپێکرنی تۆپبارانی شار، له‌لایه‌ن حکومه‌تی سه‌رمایه‌ی ئێرانه‌وه، شار جموجۆڵی تیا ههستپیدهکرا، بزوتنه‌وه‌یه‌کی ناڕه‌زایه‌تی گه‌وره و بێوێنه له‌ناو دل و ده‌روونی گه‌وره و چووکی خه‌ڵکی جۆشی دههخوارد، ده‌می هه‌ر که‌سێکت بکردایه‌ته‌وه، تف و نه‌عله‌ت و جنێودان بوو، به‌کێ؟ بێگومان به‌حکومه‌تی سه‌رمایه و دارده‌سته‌که‌ی، ته‌نانه‌ت گه‌یشتبووه ڕاده‌ی ته‌قینه‌وه و هاتنهه سه‌رجاده و به‌رپاکردنی مزاهه‌ره، هۆکه‌یشی بێجگه لهکهڵههکهبوون و پیشخواردنه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ی له‌دڵ و ده‌روونی خه‌ڵکیدا بوو، که حکومه‌ت چی‌یان پێده‌کات.
شتیکی تر هاتبووه ئاراوه، ئه‌ویش به‌لێشاو ئیعدامکردنی ئه‌و کۆمه‌ڵه گه‌نجه‌ی ساڵ و نیوێک له‌مه‌وبه‌ر لهههوانته له‌سه‌ر جاده و کۆڵان وبهردهرگا بێ ئه‌وه‌ی ئاگایان لهمهحمودی بێزه‌وا بێت، گرتبوونیان. ئای له‌و دڕنده‌یی و دیکتاتۆری و ڕه‌شه‌کوژییه!
به‌ڵام ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه بهدهستپیکردنی تۆپباران و کوشتنی خه‌ڵکێکی بیشوومار و بیتاوان، خه‌ڵکێک گیانی معاره‌زه تێکه‌ڵ به‌خوێنیان بووه، هه‌ر به‌ساوایی له‌باربرا و خه‌فه‌کرا! له‌ماوه‌ی سێ ڕۆژدا به‌ڕه‌سمی 120 که‌س کوژران! ئه‌وه‌یش سه‌رنجی خه‌ڵکی گواسته‌وه بۆ مه‌ینه‌تییه‌کی تر، که زۆر گرانه به‌شانیان! نه‌بێته قسه‌ی خه‌ڵکه ساده‌که، حکومه‌ت شانسی هه‌بوو، له‌وه‌خت و ساتی خۆیدا، به‌ڕێکه‌وت ئه‌مه بوو! هه‌ر چۆن حسابی بکه‌یت له‌به‌رژه‌وه‌ندی حکومه‌ت بوو. بهزمانیکی تر ئه‌مه‌یش په‌نگی شه‌ڕی کۆنهپهرستاهی ئێران و ئێراق!
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا خه‌ڵکی موعته‌ریز ئه‌و رینه گه‌وره‌یه‌ی له‌وه‌پێش تێیانکرابوو، له‌بیرنه‌چووه، به‌وه ده‌ریان ده‌بڕی که ئه‌م تۆپبراه ده‌ستکردی خۆیه‌تی! هه‌رچۆن لێکان ده‌دایه‌وه ده‌گه‌یشتنه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که له‌حکومه‌ت زیاتر که‌سی دی نییه، هه‌ردوولایش گوێی خۆیان لێنوقاندووه!
لایه‌نێکی ئۆپۆزسیۆن بێجگه له‌ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی و هاندانی خه‌ڵک بۆ مزاهه‌ره، تاوانه‌که‌ی ده‌دایه پاڵ حکومه‌ت. به‌کورتی ده‌یانوت: ئێمه نیین، ئیمه چۆن شتی وا ده‌که‌ین. دوای چه‌ند رۆژ حکومه‌ت تۆپبارانه‌که‌ی دایه پاڵ ئێران، ژماره‌ی کوژراو و بریندرهکانی به‌دروستی نه‌درکاند و شاردییه‌وه، خه‌ڵکیش وێڵی دوای هه‌ڵهێنانی ئه‌و هتهڵه بوون، سه‌رئه‌نجام ئێران دانی پیانا. خه‌ڵکی له‌تاوانبارکردنی حکومه‌ت ناهه‌قیان نه‌بوو، چوونکه هینده لاپه‌ڕه‌ی ژیانی کاری نامرۆڤانه‌ی تێدایه، کردنی کاریکیویان به‌لاوه ئاسایی بوو.
حکومه‌تیش له‌سله‌یمانی ده‌ترسێ، حه‌ز ده‌کات وێران و خاپور ببێ، ڕ